samedi 18 juillet 2020

هەموومان لەناو کلتور

دادگایی کردنی کلتور

حسەین لەتیف
هەموومان لەناو کلتور
داین،هیچ یەکێک لە ئێمە لە دەرەوەی کەلتور ناژێت.هەموو هەڵس وکەوتێکی ئێمە،کەلتور لەپشتیەوە وەستاوە،چونکە کەلتور تێڕوانینی ئێمە بۆ ژیان دیاری دەکات، هەڵس و کەوتیشمان ڕەنگدانەوەی تێڕوانینەکانمانە بۆ ژیان. لەگەڵ ئەوەش دا کەلتور دەریایەکی بەستوو نییە، بەڵکو هەمیشە لەجوڵەدایە،بەڵام هەموو جووڵەیەکیش پێویستی بەهێزێک هەیە.وەک چۆن شەپۆلەکانی دەریا لەخۆوە دروست نابن بەهەمان شێوە گۆڕانی کەلتورییش لەخۆوە ڕوونادات، پێویستی بەمرۆڤی بیرکەرەوە هەیە،مرۆڤ و کەلتور لەپەیوەندیەکی ڕاستەوانەدان لەگەڵ یەکتردا. کەلتورسازی یان پیشەسازیی کەلتور بەرهەمی مرۆڤە.وەک چۆن کەلتور چوارچێوە بۆ مرۆڤ دادەڕێژێت، ئاوەهاش مرۆڤ دەتوانێت دەستکاری کەلتور بکات.
کەلتور چییە جگە لە گشتی کردنەوەی تێڕوانینێکی دیاریکراوو پەیڕەوکردنی لەلایەن تاکەکانی کۆمەڵگەوە. لێرەوە هەر ڕەخنەو ستایشێک لەڕەفتاری مرۆڤ ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەبێتە ڕەخنەگرتن لە کەلتور.
ڕۆمانی (بنات البراری) کە بەتەکنیکی واقیعی سیحری نووسراوە ڕۆمانێکە سەرلەبەر ڕەخنە لەکەلتور دەگرێت ،کەلتوری توند و تیژی و ژنکوژی ،بەبیانووی شەرەفەوە.
کارەکتەری سوڵتانە،عاشقی ئیبراهیم دەبێت و سکی لێی پڕدەبێت، بۆ سڕینەوەی ئاوی ڕوو، شەریفی باوک سوڵتانە دەکوژێت.بە کوشتنی سوڵتانە، ڕووداو کۆتایی پێنایەت،بەڵکو شار بەتەواوی بەرنەفرەت دەکەوێت ،نەفرەتی سوور بوون.خوێنی ڕژاوی سوڵتانە دەبێت بە نەفرەتێک بە گەردنی هەمووانەوە، بەگەردنی هەموو گوندەکەوە، نا، لەوەش زیاتر دەبێت بەگەردنی سروشتیشەوە. لە ڕۆژی سەربڕینی سوڵتانەوە،هەموو شتێک ڕەنگی خوێن دەگرێت،خانوو،دیوار، درەخت، پشیلە و کەروێشک و ئاژەڵەکانیش، ڕەنگیان سوور دەبێت،سەوزەو میوەکان، یاسەمین و چنارەکان سووردەبن، مناڵ لە دایک دەبێت و ددانیان سوورە.خەڵکی گوند جگە لە ڕەنگی سوور،چاویان هیچ ڕەنگێکی تر نابینێت، سووربوونی ئەم گوندە دەبێتە بابەتی ڕۆژنامەو گەشتیاران لەتەواوی وڵاتەوە دێن بۆ بینینی گوندەکە.دەیان ئەفسانەی جیاواز دەدرێتە پاڵ سووربوونی گوندەکە.
تەنانەت سوور بوون دەبێتە بەشێک لە فەرهەنگی زمانیان،کاتێک کە دووکەس پەیوەندییان تێک دەچێت، لەبری جنێو وشەی سور بەکاردەهێنن.بەر سوور کەویت.
ئەم نەفرەتە بەرگوند دەکەوێت چەند ساڵێک دەخایەنێت.
ئەو مناڵەی سوڵتانە،کە لەبرایمە،برایم بەخێوی دەکات و گەورە دەبێت،وردە وردە ڕەنگی گوند دەگۆڕێت، ڕەنگی سوردەگۆڕێت بۆ پرتەقاڵی، بۆ زەرد،بۆ شین، وخەڵکی گوند ئاهەنگی شادی دەگێڕن.
*
ئەو کچەی لە سوڵتانە بەجێماو برایم بەخێوی کرد، عاشقی حەمزە دەبێت، حەمزە سێکسی لەگەڵ دەکات، دووبارە ڕەنگی گوند تێک دەچێت، هەموو ڕەنگەکانی تر کاڵ دەبنەوەو ڕەنگی سوری تۆخ زاڵ دەبێت بەسەر هەمووشتێکا.خوێن گوندەکە ڕادەماڵێت.
برایمی باوک "ڕەیحانە" دەبات و لەسەر گۆڕەکەی سوڵتانە، بەچەقۆیەک،سەری دەبڕێت،هەرچەندە ڕەیحانە دەپاڕێتەوە،کەباوکە ئەوکارە نەکات، وەک چۆن سوڵتانە کاتی خۆی لەشەریفی باوک پاڕایەوە سەری نەبڕێت،هەر سەری بڕی،بە هەمان شێوە برایمیش چەقۆیەکی لەگیرفانی دەرهیناوە رەیحانەی سەر بڕی. ئەوەی جێگای سەرنجە ، ڕۆماننووس دەیەوێت بڵێت: کچان،هەمان چارەنووسی دایکیان هەیەو هیچ گۆڕانێکی کلتوری ڕووینەداوە.برایمی کە خۆی قوربانییە و مەعشوقەکەی سەر بڕا، ئێستا بووەتەوە بە جەلاد و کچەکەی خۆی لەسەر عەشق سەر دەبڕێت. هڵبژاردنی ناوی برایم بۆ کارەکتەرێکی پیاولێرەدا، مەبەست لێی دووبارە ئامادەکردنەوەی ڕەهەندی ڕەمزی و ئاینی چیرۆکێکە لە مێژوودا.چیرۆکێککە تائێستا درێژەی هەیەو پێناچێت ببڕێتەوە. مەبەست لەناونانی برایم ،لێدانە لە بونیادی کەلتوری توند وتیژیی.
بەرپرسیارکردنی ئاینە لە چەوساندنەوەی ژن و درێژەدان بە کەلتوری تونوتیژیی.
ئیبراهیمێک لەڕابردوودا چەقۆی خستە سەر گەردنی ئیسماعیل، ئیبراهمێک لەئێستادا چەقۆ دەخاتە سەر گەردنی کچەکەی. ئامادەبوونی ئیبراهیم لەئێستادا ئاماژەیە بۆ زیندوومانەوەی دەسەڵاتی کەلتوری نێرینە.
جیهان هێشتا نێرینەیە، هزر، فەلسەفە، سیاسەت، هەموو شتێک نێرینەیە، چونکە جیهانی بوونیادنراو بەویستێکی نێرانەوە بونیاد نراوە.هەربۆیەشە گێڕەوەوە دەڵێت(پێویستە ئەم دونیایە تێک بدرێت و بەڕوانگەیەکی مێینانەوە دروست بکرێتەوە).واتە کۆتای بەکەلتوری نێرینە بهێنرێت و لەبریتی دا کەلتوری ژنانە باڵادەست ببێت.
بۆچی کەلتور تاوانبارە؟ کاتێک ئیبراهیم ڕەیحانە دەکوژێت و خۆیشی لەحەسرەتا دەمرێت،لەگۆڕەکەدابە سوڵتانە دەڵێت( من نەمکووشت، ئەوە ئەوان بوون دەستی منیان گرت و ئەویان پێکووشت، ئەوان لەناو سەرم دان).
کەواتە ،ئەوەی تاوانبارە کەلتورە لەم ڕۆمانەدا،نەک پیاو وەک مرۆڤ.ڕوانگەی ژیاندۆستی ئەوەیە ،کەلتور دادگایی بکرێت نەک پیاو،چونکە پیاو وژن هەردووکیان لەناو هەمان کەلتوری ژیانکوژیدان.
ئەم ڕۆمانە،سەرەڕای بەهێزی فەلسەفەژیاندۆستیەکە، نەتوانراوەهەتا،کۆتا، بەهەمان تەکنیکی واقیعی سیحری بەردەوام بێت ،بەڵکو گێڕانەوە زۆر سادە دەبێتەوە،دەکرا لەوجێگای برایم لەگۆڕدا بەسوڵتانە دەڵێت:(من نەمکوشت ئەوە ئەوانبوون دەستی منیان درێژکرد بۆئەو، ئەوان لەناو سەرم دان) ئالێرە فەلسەفەی پشت نووسینی ئەم ڕۆمانە گەشتۆتە لوتکەی خۆی. هەرچی دوو فەسڵی کۆتاییە ، زیانی لەڕۆمانەکەداوە، لەڕووی گێڕانەوەوە زۆر سادە بووتەوە.لە واقیعی سیحرییەوە دەبێتەوە بەڕۆمانێکی تەواو واقیعی و لەبری فەلسەفە ژیاندۆستیەکە ،ئەدەبیاتی ڕێکخراوەکانی ژنان تیایدا تۆخ دەبنەوە. دەکرا بەهەمان تەکنیکی واقیعی سیحری کە بابەتەکە چارەسەر بکرایەت.